مانیفێستی کۆمۆنیستی بە کورتی…
مانیفێستی کۆمۆنیستی بە کورتی…
کۆمەڵەی کۆمۆنیست، کۆمەڵەیەکی نێودەوڵەتی کرێکاران بوو، کارڵ مارکس و فرێدریک ئەنجلزیان ڕاسپارد بۆ ئەوەی بەرنامەیەکی تیۆری و پراکتیکی بۆ حیزب بنووسن. مانیفێستی کۆمۆنیستی نامیلکەیەکی بچوک و کورتە لە ساڵی ١٨٤٨ بڵاوکراوەتەوە. هەوڵێکی ئەو دوو شۆڕشگێرە مەزنە بوو بۆ ڕوونکردنەوەی کۆمۆنیزم. مانیفێستی کۆمۆنیستی بە زمانێکی سادە بیرۆکە و ئامانجە سەرەکییەکانی حیزب و ئایدیۆلۆژیای کۆمۆنیزم دەخاتە ڕوو.
مانیفێستی کۆمۆنیست پێشەکییەک و سێ بەشی سەرەکی لەخۆگرتووە. بە دەستەواژەیەکی بەناوبانگ دەست پێدەکات: “تارماییەک بە ئەوروپادا هاتوچۆ دەکات – تارمایی کۆمۆنیزم” و بەم دەربڕینەش کۆتایی دێت: “کرێکارانی جیهان، یەکگرن!.
مانیفێست بەسەر چوار بەشدا دابەشبووە، بەشی یەکەم بنەمای ماتریالیزمی دیالێکتیکی و ململانێی چینایەتی و ئەو هێزانەی مێژوو دەجوڵێنن دەخاتە ڕوو. پاشان بەردەوامە لە شیکردنەوەی شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری و چارەنووسی کۆتایی کە جێگرتنەوەی کۆمۆنیزمە (بەشی دووەم). دوابەشەکانی مانیفێستەکە (بەشی سێیەم و چوارەم) ئاراستەی سیاسی کۆمۆنیزمیان دانا.
بەشی یەکەم بەو ڕاگەیاندنە دەستپێدەکات کە “مێژووی هەموو کۆمەڵگەکانی تا ئێستا هەبووە، مێژووی خەباتی چینایەتییە”. ئەمە ئەو رێبازەیە کە بە ماتریالیزمی دیالکتیک ناسراوە و مێژوو لە رێگەی دابەشبوونی کۆمەڵگەوە بەسەر بەشە کێبڕکێکارەکاندا و شەڕکردنیان لەسەر ئامرازەکانی بەرهەمهێنانەوە دەجووڵێت. مانیفێست لە وەسفکردنی فیودالیزمەوە دەڕوات بۆ باسکردنی سەرمایەداری وەک شێوازێک کە تیایدا بۆرژوازی کرێکار دەچەوسێنێتەوە.
بەشی دووەمی مانیفێستی کۆمۆنیست باس لەپەیوەندی کۆمۆنیستەکان بە کرێکاران دەکات و دەڵێت کۆمۆنیستەکان نوێنەری ڕاستەقینەی بەرژەوەندییەکانی کرێکارانن. ئەم بەشە بۆ ڕوونکردنەوەی مەبەستی کۆمۆنیزمە بۆ هەڵوەشاندنەوەی موڵکی تایبەت و کاری بەکرێگیراو کە بنەما سەرەکییەکانی سیستەمی سەرمایەدارین. هەروەها ئەم بەشە هەندێک داواکاری پراکتیکی لەخۆدەگرێت وەک پەروەردەی گشتی بێبەرامبەر، باجی پێشکەوتنخوازانە، هەڵوەشاندنەوەی میرات و زۆر شتی تر. خاڵێکی گرنگ لێرەدا کە دەبێت ئاماژەی پێبدرێت، پەیوەندی بە دەوڵەتەوە هەیە کە بەستراوەتەوە بە سەرمایەدارییەوە و هەر بۆیە پێویستە لەگەڵیدا بڕوات.
دوا بەشی (بەشی سێهەم و چوارەم) مانیفێستی کۆمۆنیست باس لە پەیوەندی کۆمۆنیستەکان لەگەڵ بزووتنەوە و لایەنەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆنی ئەو سەردەمە دەکات و لە سۆشیالیزم جیای دەکاتەوە. شتێکی گرنگ لەم بەشانەی دەقەکەدا ئەوەیە کە جەخت لەوە دەکرێتەوە کۆمۆنیزم پەیوەندی بە باشترکردنی سیستەمەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە گۆڕینی بەتەواوی و ڕووخاندنی سەرمایەداری بۆ ئەوەی سەردەمی نوێی کۆمەڵگەیەکی بێ چین بهێنێتە کایەوە.
توانا محمد نوری
ناوەڕاستی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢