نەخشەڕێگای بزوتنەوەی شورایی بۆسەرکەوتنی ڕاپەرینی ئێران ئاوات (عبدالرحمن رسول)
نەخشەڕێگای بزوتنەوەی شورایی بۆسەرکەوتنی ڕاپەرینی ئێران
ئاوات (عبدالرحمن رسول)
گومان لەوەدا نییە هەر مرۆڤێک دڵی بۆ هێنانەدی ئازادی و مافی مرۆڤ و یەکسانی و ژیانێکی باشتر لێبدات بەتامەزرۆیی زۆرەوە چاوەڕوانی سەرکەوتنی ڕاپەرین و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی خەڵکی ئێران و ڕۆژ هەڵاتی کوردستانە. بۆئەوەی ئەو سەرکەوتنە ببێتە کرداری بۆ هێنانەدی گۆڕانکارێکی باشتر و نوێ تر پێویسته هەریەکە لەئێمە دڵسۆزانە لەومەیداندا بەهەر جۆرێک لەدەستمان دێت و پێمان دەکرێت لەپشت ئەم سەرکەوتنە جوانە و تێکۆشانە جەماوەرییەی خەڵکی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دابین. گرینگ ئەوە نییە لەکوێین و لەکام گۆشەو کەنارو کوچەی جیهاندا دانیشتووین، یان کار دەکەین، بەڵکو زۆر گرینگە ڕێگایەک بدۆزینەوە بۆ هاوپشتی و هاوکاری بوون بۆ سەرکەوتنی ئەو تێکۆشانە جەماوەریییە ئینسانییە. ئەگەر دڵسۆزانە کەمێک بیربکەینەوە زۆر ڕێگاو کار هەیە کە هەریەکە لەئێمە دەتوانین ڕۆژانە ئەنجامی بدەین لە ڕوویی مەعنەوی یان ماددی یەوە هاوکاری ئەم خەڵکە هەقخوازانە ڕەوایە بین.
دەبا بەیەکەوە هاوکاری ڕاگرتنی ئەم ملهوڕییەی دەسەڵاتی فاشیزمی ئیسلامی ئێران بین لەتەواوی ئێراندا، با چیتر گەنجان و لاوان لەسێدارە نەدرێن و بێکارو برسی و ئاوارە بەزۆر نەکرێن.
کەوایە ئەرکە دروستەکە ئەوەیە لەڕوویی ماددی و مەعنەوەییەوە لەپشتی ئەم جۆرە تێکۆشانە جەماوەریییە ڕەوایە بین.
بۆ سەرکەوتنی ئەم تێکۆشانە جەماوەرییەی خەڵکی ئێران پێویسته:
١- خەڵکی ناڕازی و ڕاپەڕیوی ناوخۆی شارەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆر بە وشیاری هەنگاوی کرداری بنێن بۆ ڕێکخراوبوونی ئەم جۆرە تێکۆشانە جەماوەرییە لەچوارچێوەی بزوتنەوەیەکی جەماوەریدا کەجیاواز بێت لە شێوازی ئیدارەدانی پۆپۆلیستی و محافیزکارانە و ناوچەگەرێتی و خێڵایەتی و حیزبایەتی و پیرۆزکردنی کەسێکی دیاریکراو، بەڵکو چەقی هەر گۆڕانکارێک و بڕیارێک تەنها خەڵک بێت و بۆخەڵکیش بێت. بۆ ئەم هەنگاوەش لەناو گەڕەک و شوێنە گشتییەکانەوە لەکارگە و شوێنی ژیان و کارکردنەوە ئارایشتی ئەم هێزە جوانەی ڕاپەرین بدەن بەڕێکخستنێکی پتەوی بەهێزی شۆڕشگێڕی کە دەست بەرن بۆ جێبەجێکردنی ئەرکی بەرپرسیارێتی لەلایەن دەستە و شوراکانی خۆیانەوە بە بەرنامە و پڕۆگرامی کاری ئیدارەیی و ڕاگەیاندکاری و سەربازی. لەهەر شوێن و گەڕەک و شارێک کە زۆرینە کەوتە دەست هێزەکانی خەڵکی جەماوەری ئازادیخوازی ڕاپەڕی و ڕاستەوخۆ بەپشت بەستن بە خەڵکی ناوچەکە و گەڕەک و شارەکە ئیدارەی بدەنە خۆیان وەک خەڵک بەخاوەنی دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە بزانن، لەهەمان شوێن بەشەکانی کۆمەڵگە ئیدارە بدەن. بەهیچ شێوەیەک نەوەستن و کات بەفیڕۆ نەدەن، لەبەرئەوەی هەر کەم تەرخەمێک لە ڕوویی پشت بەخۆ بەستن وەک جەماوەری ناڕازی و ڕاپەڕیو بۆ ئیدارەدانی دڵسۆزانە بەزیانی زۆر گەورە بۆ خەڵکی ناڕازی و ڕاپەڕیو تەواو دەبێت. بەفیڕۆ دانی کات بۆ خۆ ڕێکخستنی جەماوەری لەجۆری شورایی کە (بە واتایی ڕاستەوخۆ دەسەڵاتدارێتی و ئیدارەدانی کۆمەڵگەیە لەلایەن خودی خەڵک خۆیەوە) وەک ئەوە وایە خەڵکی ناڕازی خۆی بەدەستی خۆی خەرمانی ماندووبوونی تێکۆشانی یەکگرتووانەی جەماوەری بسووتێنێت. لەبەرئەوەی لەلایەک بەردەوام ڕژێمی دەسەڵاتی چەوسێنەری فاشیزمی ئیسلامی ئێران بەپشت بەستن بە جاسوس و ئیتڵاعات و شارەزاکانی کار بۆ جێبەجێکردنی نەخشە ڕێگای هەڵوەشان و پەرتکردنی هێزی یەکگرتوویی تێکۆشانی جەماوەری دەکات، بۆ ئەو مەبەستەش چەندەها هەنگاو بە نەخشە و ڕێگای جیاوازەوە دەگرێتە بەر. هەروەها ئەوەشمان لەبیر نەچێت ئەگەر ئەم ڕژێمە فاشیزمەش بڕوخێت دەبێت ئاگاداری ئەوەبێت خەڵک کە ئەم جارەشیان وەک ساڵی ١٩٧٩ لێ بەسەر نەیەت کە دەسەڵات لەدەستەیەکی چەتەی دڕندەئاسایی فاشیزمەوە بەرەوە چەتەو دڕندەی فاشیزمی تر لەژێر ناوی جیاوازی تر بگۆڕدرێت. ئەم بزووتنەوەی شورایییەی خەڵک بۆیە گرینگە کە خەڵک لەقۆناغەکانی سەرکەوتن و پێشکەوتنی پاشەکشە لەبەدستهێنانی ماف و ئازادی و ژیانێکی نوێ ترو باشتر ناکات ئەمەش کاتێک سەرکەوتوو دەبێت کە کاتێک هێزی ڕاپەڕیو و ناڕازی خەڵک ڕێکخراوبکرێت لەبزوتنەوەی جەماوەریدا هەنگاو بە هەنگاو نەخشە ڕێگاکانی ڕژێمی چەوسێنەر هەرس پێدەهێنێت و بەرەو سەرکەوتوویی باشترو نوێ تر هەنگاو دەنێت.
٢- کاتێک لەڕوویی ئیدارەدانی گەڕەک یان شارەوە خەڵک باوەڕی بە ئیدارەدانی خۆی هەبێت ئەمە زۆر گرینگە، ڕێک گەورەترین گۆڕانکاری کرداری دەکات لەڕوویی قۆناغی نوێ بوونەوەی کرداری جەماوەری کۆیی کۆمەڵگە. ئیدارەدانی خەڵکی گرینگە بەشێوەی شورایی بێت کە بە گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە کە لەلایەن شوراکانی خەڵکی گەڕەک یان شارەوە هەڵببژێردرێت، بەڵام دەکرێت لەئێستادا بەشێوەی کاتی بۆ ئیدارەدانی کاتی، لەهەر گەڕەک و شارێک چەندین شورا دەست نیشان بکرێن بۆ بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی گەڕەک وشارەکان. کاتێک شوراکان پێکهات ئیرادەی بەهێز لەناو خەڵک گەشە دەکات بۆ باوەڕبوون بە بەگرینگی کارکردن لە هەبوونی ئەو جۆرە ئازادی و شێوە ئیدارەدانە کە جۆرێکە لەکاری هەرەوەزکاری و خۆبەخشانەی ئیدارەدانی پێکەوەیی جەماوەری.
سەرەتاکانی ئیدارەدان دەکرێ سەرەتا بۆ ڕێکخستنی شێوازی شێوەی ژیانی ڕۆژانەی خەڵک بێت بەپێی قۆناغەکانی گۆڕانکاری لەشێوازی سەرکەوتنی ناڕەزایەتی و ڕاپەڕینی خەڵکدا بۆ ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتی چەوسێنەر لەشارەکاندا. لێرە پێویستە خەڵکی ئێران بەگشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەوە بزانن کە بەهەنگاو نانی کرداری شێوازی ئیدارەدانی سەرەتایی شورایی چەند هەنگاوێکی زۆر گرینگ دەخوڵقێت کە بۆ خەڵک زۆرسودبەخش و گرینگە لەوانە:
یەکەم: کاتێک خەڵک لەگەڕەک و شارەکان ولە شوێنی ژیان وکاری دەستی برد بۆ گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە بۆ شێوازی ئیدارەدانی شارەکەی دەگات بەو ئەنجامەی کە لەداهاتوویی گۆڕانکاری دەسەڵاتی سیاسی ئیدارەدانی جۆری حکومەت داری درێژە بەم هەنگاوەی بدات بۆ گفتوگۆکردن لەسەر جۆرو شێوازی ماف وئازادی یەکانی دا، ئەوکات زۆر باش ئاشتی کۆمەڵایەتی و جیاوازی کەلتوری و نەتەوەیییەکان دەبێتە شتێکی نۆرماڵ وئاسایی، هەموو لایەک بەشداری خۆشی و ناخۆشییەکانی یەکتری دەکەن.
دووەم: بە ئیدارەدانی شورایی خەڵک ڕزگاری دەبێت لەدەست چەوسانەوە بەدەست کەمینەیەکەوە، واتە بارودۆخێک دێتە کایەوە لەڕوویی کۆمەڵایەتی یەوە ڕێگا نادرێت لەژێر ناوی ئەندام پەرلەمان یان وەزیر و بەرپرسی شار و وڵات وسەرۆکی حیزب و خێڵ دەست بگرێت بەسەر لایەنی ماددی ومەعنەوی شارو کۆمەڵگەدا، چونکە هەمووان دەبنە خاوەنی ئیدارەدان. ئەمە ڕێک پێچەوانەیە لەگەڵ شێوازی حکومەت وسیستەمی خێڵگەرایی وحیزبگەرایی و پاشایەتی و کوێخایەتی. هەرئەمەش ڕێگر دەبێت لە ئەوەی کە ببێتە مەیدانی ململانێی دەوڵەتانی ناوچەکە یان حیزبێک بۆ بەرژەوەندی سیاسەتی خۆی ئەو ناوچەیە بەکاربهێنێت. کە بەمانایەکی ڕوونتر وەک ڕۆژ ئاوایی کوردستان نەکرێتە مەیدانی ململانێی جێبەجێکردنی سیاسەت ونەخشە ڕێگای دژە ئینسانی دەوڵەتانی هاوسێی نیزیک کە ئەوانیش بیانویان هەبێت بۆ هێرش و پەلاماری داگیرکاری لەڕوویی سەربازییەوە.
سێ یەم: ئیدارەدانی شورایی ڕاستەوخۆ چارەسەری کێشەی نەتەوەیی و میللی بەکرداری سروشتی کۆمەڵایەتی لەڕووی جەماوەرییەوە دەکات بەبێ ئەوەی گرژی و ئاڵۆزی و شەڕی نێوان نەتەوەکان بێتەکایەوە. ئەمەش لەبەرئەوەی هەر لەسەرەتا هەنگاوەکانی ئیدارەدانی شورایی دا تەواوی کۆمەڵگە بەشێوەی هەرەوەزکاری بەشدار دەبێت. دواتر دەبێتە سوونەتی خەڵک کە ڕۆژانە و هەفتانە لەگەڕەک و شارو ناوەندەکانی کارو شوێنی ژیان خەڵک بە ئازادانە گفتوگۆ دەکات و بۆچوونی خۆی دەخاتەڕوو سەبارەت بە چۆنێتی باشتربوونی شێوازی ژیانی گەڕەک و شارەکەیان.
٣-ڕاگەیاندن: .پێویستە دەست بەجێ لەلایەن ژنان و پیاوانەوە کە شارەزا و خاوەن ئەزمونی نووسین و بواری میدیایی و ڕاگەیاندن لەهەر ناوچەیەک یان گەڕەکیک و شارێک کۆمیتەی شوراکانی ڕاگەیاندن دامەزرێنن بۆئەوەی هەفتانە و ڕۆژانە وکاتی پێویست هەواڵی سەرکەوتن و چالاکی و بڕیارنامە و ڕاسپاردەکانی شوراکانی شار وگەڕەک بڵاوبکەنەوە بەدەستی خەڵکی ڕاپەڕیوی شارو ناوچەکانی تر بگەیەندرێت، ئەمەش ڕاستەوخۆ دەبێتە گەشەدانی ئیرادەی شۆڕشگێڕی لەسەراسەری ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و جیهانیدا. پێویسته بەزمانە جیاوازەکان وەشان و بڵاوکراوەکان بڵاوبکرێنەوە بۆئەوەی خەڵک بەگشتی لەپەیامەکان تێ بگەن و ئاگاداربن.
٣- بواری سەربازی: کاتێک باس لەبواری سەربازی دەکەین مەرج نییە زۆرترینی چەک یان چەکی پێشکەوتوو هەبێت، بەڵام مەرجە ئیرادەی نهێنی پارێزی هەبێت بۆسەرکەوتنی قۆناغەکانی ڕاپەرین و ناڕەزایەتییەکانی خەڵک. پێویسته لەناو گەڕەک و شار کۆمیتەی سەربازی دابمەزرێندرێت لەلایەن ژنان و پیاوانی شوراکانی شارەوە. کەبەپێی بەرەو پێشبردنی قۆناغەکانی ڕاپەرینەکان ئەرکییان پێ بسپێردرێت.
بۆ جێبەجێ کردنی جۆری ئەرکەکان شوراکان لە گەڕەک و شارەکان پێویستان بە گفتوگۆکردن هەیە لەسەر شێوازی خۆپارێزی بۆ خەڵکی ڕاپەڕیو یان ناوچەیەک یان شارێک یاخود چەند شار کە کەوتۆتەدەست خەڵکی ڕاپەڕیو کە بەتەواوی شار ئازادبووە. لەبەرئەوەی زۆر جیاوازە لەشارێک کە لەناو دەسەڵاتی ڕژێمدایە پێویستە نەخشەی خەڵک پارێزی جیاواز بێت کەلەوانەیە پێویست بەهەڵگرتنی چەک نەکات لەهەندێک شوێندا لەبەر سەلامەتی گشتی خەڵک.
٤- بەشی ئابووری: لەشارێک کەئازاد کرا پێویسته لەلایەن کۆمیتەی شوراکانی شارەوە کۆمیتەی ئابووری دابمەزرێندرێت بۆ ئەوەی بتوانن پێداویستییەکانی ژیانی خەڵک دابین بکرێت. چونکە خەڵک پێویستی بە دابینکردنی خۆراکی ڕۆژانە دەبێت. ئەکرێت کۆمیتەی هەرەوەزکاری بۆهاوکاری و بەهانەوە چوونی خەڵک بەشێوازی گەڕۆک دابمەزرێندرێت لەناو شارو گەڕەکەکان .
٥- بەشی تەندروستی: هەر لەسەرەتاوە پێویسته کۆمیتەی شوراکانی شار، کۆمیتەی شوراکانی تەندروستی دابمەزرێنێت بۆ ئەوەی بە بەردەوامی هاوکاری و پێداویستییەکانی تەندروستی بۆ خەڵک بە خۆڕایی دابین بکرێت. بۆ ئەو مەبەسته گرووپ و دەستە پێک بهێنن. سەرکەوتووبێت شۆڕش و ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان. بەدی بێت ئێدارەدانی شورایی و ژیانێکی باشتر و ئازاد…