تیرۆری سیاسی کۆمەڵگە و بەتایبەتی زۆنی سەوزی هەراسان کردووە…
تیرۆری سیاسی کۆمەڵگە و بەتایبەتی زۆنی سەوزی هەراسان کردووە…
لەو ماوانەی دوایدا رادەی کردەوە تیرۆریستیەکان، لەهەرێمی کوردستان بەگشتی و لە زۆنی سەوز بەتایبەتی بەشێوەیەکی بەرچاو هەڵکشاوە. تیرۆری هەڵسوڕاو چالاکوانی ئۆپۆزیسیۆنی تورکی بەتایبەتیش کادر و لایەنگرانی پەکەکە، بۆتە روداوێکی بەردەوام. ئەم کردەوە تیرۆریستانە کە تیرۆری سیاسی ئاشکران، چ لە رێگای باند و گروپی ئینسان کوژی تورکیا و چ لە ڕێگای درۆنەکانەوە، ئەنجام دەدرێن. دیارە باندەکانی تیرۆر لە هەرێمدا دەیان مۆڵگە و بنەی جۆراو جۆریان هەیە، بۆیە هەر رۆژە کەسایەتیەک، کادرێک، چالاکوانێک لە قوڵایی و ناوجەرگەی شارەکان و بەرۆژی روناک تیرۆر دەکەن.
ئەوەی جێگای ئاماژەپێکردن و هەڵوێستەیە، ئەگەر درۆنەکان کۆنترۆڵ ناکرێن و ناکرێت دەستگیر و زیندانی بکرێن، بەڵام باندە تیرۆریستەکان و بکوژەکان، دەستگیر ناکرێن و توشی لێپێچینەوەی یاسایی ناکرێنەوە و ئاشکرا ناکرێن… ئەوە لە کاتێکدایە دەیان و سەدان کامیرای چاودێری لە هەموو گەرەک و شوێنیک هەیە… کەچی کەس ناگیرێت و تۆمەتباران ئاشکرا ناکرێن، لەوەش زیاتر دەوترێت کە هەندێک لە بکوژەکان ئەگەر دەستگیریش بکرێن، ئەوا دەگوازرێنەوە بۆ شوێنی ئارام و دواتر ئازاد دەکرێن… ئەم مامەڵەیەی دەسەڵات، لەلایەکەوە دەستی بکوژان و باندەکان ئاوەڵا دەکات و لەلایەکی تریشەوە هاوکاری دەسەڵات بۆ بکوژان دەخاتە ڕوو…
جیا لەوانە درۆنەکان، لە قوڵایی شارەکانی کوردستاندا هیرش دەکەنە سەر سەیارەو شوێنی چالاکوان و نەیارانی سیاسی…
ئەم کردەوە تیرۆریستی و ئینسان کوژیانە چ لە رێگای درۆنەکانەوە یان لەڕیگای باندو گروپەکانەوە لەناو شارەکاندا، لەگەڵیدا بێدەنگی دەسەڵات و دەستگیر نەکردنی چاو ساغ و تۆمەتبارەکان، ئەوە دەخاتە ڕوو کە دەسەڵاتی سیاسی چاوپۆشی و تەنانەت هاوکاری ئەم هێرشانەیە… ئەمەش بەمانای ئەوە دێت، کە هیچ کەسێکی نەیاری سیاسی وڵاتەکان، لە هەرێمدا پارێزراو نییە… کاتێک دەسەڵات دەستی لەگەڵ باندەکان یان وڵاتەکان تێکەڵ بوو، ناکرێت باس لە دادگا و لێپرسینەوە و دەستگیرکردنی تۆمەتباران بکرێت… ئەمەش پێشهاتێکی یەکجار مەترسیدار و تەنانەت دەگمەنە.
ئەو هەموو تیرۆرە سیاسییە لەناوجەرگەی شارەکان و بەشیوەی ئاشکرا، و دەستگیر نەکردنی هیچ کەسێک، هیچ گومانێک ناهێڵێتەوە کە دەسەڵات و دام و دەزگاکانی لەگەڵ ئەو باند و دەوڵەتانە هاوکار و چاوساغن… ئەمەش نیشانەی نەنگی و ریسوایی دەسەڵات دەخاتە ڕوو… جیا لەوانە ئەمنیەتی تەواوی خەڵکی دەخاتە مەترسیەوە… کاتی ئەوە هاتووە، چالاکوانانی سیاسی، خەڵکی ئازادیخوازو پیشکەوتنخواز، دادوەرانی ئازاو بێ لایەن و حزب و رێکخراوە سیاسییەکان، گوشاری هەمەلایەنە بخەنە سەر دەسەڵاتی سیاسی تا دەست لەو نۆکەر پیشەیی و هاوکارییە لەگەڵ باند و تۆرە ئینسان کوژەکان و دەوڵەتەکانی هەڵبگرێت و یەکەم هەنگاویش لەو راستایەدا ئاشکراکردن و دەستگیرکردنی بکوژان و بەسزا گەیاندنی یاساییە. ناکرێت چیتر کادر و لایەنگرانی هیزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی جیگیر لە هەرێمی کوردستاندا تیرۆر بکرێن و گیانیان لە مەترسیدا بێت. دەسەڵاتی سیاسی پێویستە، کەشێکی سالم و ئامن بۆ ئۆپۆزیسیۆنی ولاتەکان زامن بکات، نەک هاوکار و چاوساغی بۆ دەوڵەتەکانی ناوچەکە بکات…