کۆمەڵگەی سەرمایەداری چۆن بناسین؟… نووسینی: بەڵێن ئیسماعیل
کۆمەڵگەی سەرمایەداری چۆن بناسین؟
نووسینی: بەڵێن ئیسماعیل
با پێکەوە سەیریکی کۆمەڵگە بکەین، با بەوردی بڕوانینە دەوروبەری خۆمان. لە ھەموو شوێنێک لە شار و لەدێ دوو بەشی سەرەکی دەبینین. لە لایەک دەوڵەمەندان و خاوان پوول وپارەکان کە کەمینەیەکی کۆمەڵگەکەیان پێکھێناوە و بە خێرخۆشییەکی لە رادە بەدەر دەژین. لەلایەکی دیکەش کرێکاران و زەحمەتکێشان وە بەرچاو دەکەون. بەشی زەحمەتکێشان لە ژیان ولەم کۆمەڵگەیە نەداری،ھەژاری و رەنج ومەینەتە.لەم شوێنە ھەژار وکرێکارنیشینانە چی دەبینین؟ کومەڵە خەڵکێکی دەست قڵشاو وھەناسە سارد کە ماندوو وھیلاک لە کاری لە تاقەت بەدەر بەرەو کۆشێک خێزانی رەش و رووت دەگەرێنەوە. یاخود بە کرێچیەتی لە ھۆدەیەکی تاریک و تنوک و بێ ئەشیا گوزەران دەکەن، یان لەھەڵبواوەو مەجبوورئاوەکان چوار دیواری یەکیان ساز کردووەو شەوی تێدا دەبەنە سەر.ژنانێکی نەخۆشی بێ بزە دەبینیین کەلەبەر نەداری و ھەژاری گوڵی تەمەنیان ھەر زۆر زوو زەرد ھەڵگەراوە و رووەو ھەڵوەرین دەچێ. مناڵانێکی شروڵ دەبینین کە بەسکی ھەڵمساو وسیمای تۆزاویو چڵکن لە سەلوێنیک و کۆڵانەکان دا بێ واز و بێ حال دەخولێنەوە.داخوا وەزعی شار ھەمووی بەم جۆرەیە؟ داخوا پولدارەکانیش ھەر بەم جۆرە دەژین؟ لە گەرەکە دەوڵەمەندنشینەکانداچ دەبینین؟ بێگومان لە گەرەکانە بەر لە ھەموو شتێک کۆشک و خانووی رازاوەی چەند قات وسەرنج راکێش دەبینین کە بە قالی ورایەخی گرانبایی و شتوومەکی عەنتیکە رازاونەتەوە.نە لە سەرمای زستان خەبەرێک ھەیە نە لە گەرمای ھاوین،ھۆدەکان پڕن لە موبل وسەندەلی راحەتی،ھەموو جۆرە کەل وپەلێکی کارەبایی ھەر لە غەسالەی قەپ شوشتن و جل وtv ئەخر مۆدێل وئەنواع کەل و پەلی گران بەھای ترکەل و پەلی گران بەھای تر و ئوتۆمبێلی مواسەفات بەرز لە خزمەتی ماڵەکەدایە.کۆمەڵە خەڵکێکی سپیو ناسک دەبینین کە مانای رەنج و کارو ئەزیەت نازانن، مناڵانێکی نازدار و خروخۆڵ و گوپن دەبینین کە بەرداوام خەریکی کایەو گاڵتە و گەپن. ژنانێکی بە نەشە دەبینین کە بە سەد تەرز خۆیان رازاندۆتەوە گوێی بە گوارەیان دەلەرێتەوە…
ئەم ھەموو سەروەتە لە کوێرا ھاتوە؟ بۆچی فەقیر وجودی ھەیە؟ ئەم ھەموو جیاوازیانە بۆچی وجودیان ھەیە و ھۆکانیان کامەن؟ دەبا کەمێک وردتر سەیری ئەم مەسەلەیە بکەین. چ کەسانێک ئەو کۆشک و تەلارانەیان ساز کردووە؟ چ کەسانێک ئەوکاڵایانەیان بەرھەم ھێناوە؟ بەکەمێک بیر کردنەوە وەڵامی ھەموو ئەم پرسیارانەمان بە باشی بۆدەر دەکەون. ئەو کۆشک و تەلارانە وکەرەسەکانیان بە دەستی کرێکاران دروست کراون. رایەڵ و پوی ئەو قالییانە بە پەنجەی لەڕ و باریکی ژنان و مناڵانێکی کرێچی سەریەک خراوە، کە رۆژانە پتر ١٠سەعات لە بە گەرمای ھاوین و سەرمای زستان دەفەیان دێت. ئەو سەیارە جۆراو جۆرانە ھەموویان دەست کردی کرێکارانی کارخانەکانی ماشێن سازین. ھەموو ئەو شتانەی کە دەبینین بەرھەمی دەست و ئارەقەی ناوچاوانی کرێکارانە. تەنانەت کەرەسەی خواردەمەنیەکانیش بەرھەمی رەنجی زەحمەتکێشانی لادێیە. بە کورتی دەتوانین بڵێین کرێکاران و زەحمەتکێشان بەرھەم ھێنەرانی راستەوخۆی ھەموو ئەو شتانەن کە لە کۆمەڵگەدا وجوودیان ھەیە.
ئێستا با لە خۆمان بپرسین داخوا کرێکاران وزەحمەتکێشان کە بەرھەم ھێنەری سەرەکی و راستەقینەی ئەم ھەموو کاڵایانەن بە ئەندازەی پێداویستییەکانی خۆیان کەڵک لەم شتە بەرھەم ھاتووانە وەردەگرن؟
نەخێر، ئەم بەرهەم هێنەرانە هەر ئەو کەسانەن کە لە فەقرو نەداریدا دەژین، دەستیان ماندوو وسکیان خاڵییە، هەر ئەو کەسانەن کە بێ بەش کراون لە بیهداشت و خوێندن و خوێندەواری و کەڵک وەرگرتن لە سەروەتەکانی ماددی و مەعنەوی کۆمەڵ. بەم جۆرە دەبینین کە زۆربەی هەرە زۆری دانیشتوانی کۆمەڵ واتە زەحمەتکێشان شەو رۆژ کار دەکەن و زەحمەت دەکێشن، بەڵام ژیانێکی مەمرەو مەژییان هەیە و بێ بەشن لە خۆشییەکانی ژیان، لەلایەکی دیکەش کەمینەیەک لە دانیشتوانی کۆمەڵ واتە دەوڵەمەندەکان و سەرمایەدارەکان خاوەنی هەموو سەروەت سامانی کۆمەڵن و بە بێ ئەوەی زەحمەت بکێشن وئارەقێک بکەنەوە لەوپەڕی ڕیفاه وئاسایش و راحەتیدا دەژین (ئەڵبەت دەبێ ئیشارە بەم مەسەلەیەش بکەین کە لە نێوان ئەم دوو چینەدا زۆر توێژو تاقمی کۆمەڵایەتی هەن کە لە شوێنی خۆیدا باسیان دەکەین…) لەبەر ڕۆشنایی ئەم باسا دەتوانین بڵێین، کۆمەڵی سەرمایەداری بە کۆمەڵێک دەوترێ کە زۆربەی کاڵا و شتو مەکی بەرهەم هاتوو لە لایەن چینی کرێکار بەرهەم دێت و قازانج و بەری ئەم بەرهەمانەش تەنیا گیرفانی چینی سەرمایەدار پر دەکا.
با ئێستا کەمێک بچینە پێشتر، داخوا تا ئێستا هیچ بیرمان لەوە کردۆتەوە کە بۆچی ئەم ناعەدالەتی وجیاوازی و نابەرامبەریانە لە ناو کۆمەڵدا هەن. هەندێک دەڵێن ئەمە ویستی خوایە، ئەمە چارەنووس و قەزاو قەدەرە. شەڕلەگەڵ ویستی خودا ناکرێ و دەبێ لەگەڵی ڕابێین، چار نییە. تۆ بڵێت ئەمە راست بێ؟ ئەم هەموو بێ عەدالەتیانە ویستی خودان؟ مەگەر هەر ئەم جەناب و کەسانە ناڵێن کە خودا عادلە؟ کەوابوو ئەمە درۆیە و هیچ پەیوەندی بە خوداوە نییە و تەنیا پەیوەندی بە ئینسانەکانەوە هەیە. کێ ئەم قسانە دەکا؟ ئەمانە لەبەرچی دەڵێن کاری خودایە؟ ئەوەی راستی بی کەسانێک ئەم قسانە سازدەکەن کە لەم وەزعە زۆر رازین بە هیچ جۆرێک حەز ناکەن ئەم بارودۆخە تێک بچێ. کەسانێک ئەم قسانە دادەتاشن و دەیخەنە زاری خەڵک کەژیانێکی راحەتیان هەیەو بەری کاری زەحمەتکێشان دەقۆزنەوە. ئەوەندەش ئەم قسانەیان دووپات کردۆتەوەکە خۆشمان باوەڕمان کردووەو پێمان وا لە راستیدا ئەمە وەزعێکە کە خودا لە چارەی دا نووسیوین!!
هەندێکی تر دەڵێن هۆی ئەم بێ عەدالەتی و جیاوازییانە لەوەدایە کە برێک لە خەڵک لێهاتوو بوون و عەقڵ و ئیستعدادیان هەبووە و توانیویانە دەوڵەمەند بن. ئەمەش درۆیەکی دیکەیە بۆ تەفرەدانی بێبەشانی کۆمەڵە. بە پێچەوانەی ئەم قسە، لە دەوروبەری خۆماندا زۆر کەس دەبینین و دەناسین کە زۆریش گەمژە و لێ نە هاتوون و دەرەقەتی هیچ کاریک نایەن، بەڵام سەرمایەداریشن. ئەڵبەت دەبێ ئەوەش بڵێین کە بەشێکیان خاوەن ئیستعدادن، بەڵام ئیستعدادەکەیان تەنیا لە چوارچێوەی رفاندنی بەری کاری کرێکارانە. بەشێکی دیکەش هەن کە دەڵێن ئەم سەروەت وسامانە لە ئەنجامی کوێرەوەری و زەحمەت بە دەست هاتووە!!بەڵام ئاخر کام زەحمەت؟ کام کوێرەوەری؟ زۆر کەس لەو سەرمایەدارانە لە تەواوی ژیانیاندا دەستیان بۆ رەش وسپی نەبرووە.مەگەر نابینن کە کوڕە سەرمایەدار بێ ئەوەی تاڵاوێکی چەشتبێ کە گەورە بوو دەبێتە سەرمایەدار؟ لێرەدا جێی خۆیەتی ئەم مەسەلەیەش بخەینە بەرچاو کە مەبەستی ئێمە باس کردنی رەوەندە قاعدە و گشتی یەکانە. کارمان بەسەر ئیستسناو شتی هەڵکەوت نییە، چونکە لە بواری لێکۆڵینەوەی زانستی دا هیچ جێگا وبایەخێکی پێ نادرێ. ڕەنگە چەند کەس لە کۆمەڵێکی پان و بەرین بە زەحمەت سەرمایەکەیان پێکەوە نابێ، بەڵام ئەمە بۆئەوە نابێ کە لە لێکۆڵینەوەیەکی زانستی دا پشتی پێ ببەستین. ئەوەی کە ئێمە بە گشتی دەیبینین ئەوەیە کە کوڕە کرێکار هەر دەبیتە زەحمەت کێش و کرێکار و کوڕە سەرمایەداریش دەبێتە سەرمایەداری نەسڵی تازە.
دەستەیەکی دیکەش هەن کە دەیانەوێ ئەم بیرە چەوتە بڵاوبکەنەوە کە گوایە هۆی هەژاری و بێبەشی کرێکاران نەخوێندەواری و لێ نەهاتوویی خۆیانە. ئەمەش قسەیەکی بێ ناوەڕۆک و هیچ و پووچە. ئەگەر رادەی نەخوێندەواری لە ناو کرێکاران و مناڵەکانیاندا زۆرترە، ئەمە بەو مانایە نییە کە کریکاران توانای خویندنیان نییە، بەڵکوو تاوانی سەرمایەدارییە کە بوارو ئیمکانی خوێندنیان پێ نادا. کرێکاران دەرەقەتی خەرجی خوێندن نایەن. زۆربەی مناڵانی کرێکار کە دەگەنە تەمەنی ١٠ یان ١٥ ساڵی بە ناچاری مەدرەسەو خوێندن بەجێ دەهێڵن و دەکەونە بازاڕی کار، یان دەبێ جێگای باوکی لە کارکەوتوویان بگرنەوە یان ببنە پەیاکەری پارە بۆ خەرجی ،”و ” بۆ کۆمەک بە موعاناتی خێزان و ماڵاوە…بەڵام بە پێچەوانەوە کوڕە دەوڵەمەند دەرگای هەموو جۆرە ئیمکاناتێکی بۆ خراوەتە سەر پشت و هیچ کەم و کەسەرییەکی نییە و تەنانەت مامۆستای تایبەتیشی هەیە و ئەگەر بە توانایی خۆش نەبێ بە پارە مەدرەسەکەی بۆ دەکڕن…بەکورتی تێکرای ئەم دەلیل و بەڵگانە بۆ ئەوەیە کرێکاری پێ فریو بدەن، نائومێدی بکەن و لە کۆتایدا دەمکوتی بکەن.هەتا بەبێ وەڵام جیڕ پتر کار بکا و زیاتر ئارەق بڕێژێوباشتر گیرفانی سەرمایەدار یان خاوان کار پڕ بکات. بۆ ئەوەیە بە کرێکار بسەلمێنن بیر لە هیچ شتیک نەکاتەوە، جونکە چارەنووسەکەی تەبیعی و گۆڕان نەهاتوەو بۆ ئەوەیە دەنگی نارەزایەتی کرێکاران بەرز نەبێتەوە وبۆ چاکتر کردنی هەل ومەرجی ژیانی خۆیان تێ نەکۆشن. بەڵام ئاشکرایە هەموو ئەم ئاسمان وڕێسمان کردنە و هەموو ئەم فەلسەفەیانەی سەرمایەداری هیچ دادێک نادا و ناتوانێ بۆ هەمیشە کرێکاری پێ فریوبدا. هەل ومەرجی سەختی ژیان کرێکار ناچار دەکا دەست بداتە بەربەرەکانی و خەبات. لە هەر دەرفەتێک بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی کەڵک وەردەگرێ، بۆ نموونە مان دەگرێ. کاتێک مانگرتنێک دەست پی دەکا سەرمایەدارەکان و خاوان کاران خێرا دەستە و داوێنی هێزەکانی پۆلیس دەبن وهەوڵ دەدەن بە هەرەشەو گورەشە وتوورەیی و زۆرداری کردن کریکاران ناچار بکەن بگەرێنەوە سەرکاروباری خۆیان وچۆکیان پێ دابدەن.
راستی بیریان لەوە کردۆتەوە کە بۆچی هێزەکانی پۆلیس بە قازانجی سەرمایەدارەکان دێنە مەیدان؟ داخوا ئێوە لە شوێنیک بیستووتانە تەنانەت بۆ جارێکیش هیزەکانی پۆلیس بە قازانجی کرێکاران لە دژی سەرمایەداران هاتبنە مەیدان؟ هۆی ئەم کارە چییە؟ مەگەر دەوڵەت ئیدیعا ناکات کەئەرکی هێزەکانی پۆلیس پاراستنی ئەمنییەتی خەڵک و موبارەزە لەگەڵ قاچاخچی ودزو جەردە و چەقۆ کێشەکانە؟ ئەی بۆچی خۆ لە کارێک و وەردەدەن کە هیچ پەیوەندییەکی بەسەر قاچاخچیەتی و دزی و ئەم جۆرە کارانەوە نییە؟ بۆچی لە ناکۆکی نێوان سەرمایەداران و کرێکاراندا دەخالەت دەکەن و پشتی سەرمایەدارەکانیش دەگرن؟ لەوانەیە بڵێن پۆلیسەکان بۆیە دەخالەت دەکەن کە مانگرتنی شتێکی غەیرە قانوونییە.بەڵام ئەم وەڵامەش بۆخودی پرسیارێکی تازەتر دێنێتە پێش ئەویش ئەوەیەک کە بۆچی مانگرتنی غەیرە قانوو نییە؟ بۆچی دەوڵەت ئەو قانوونە و هەندێک قانوونی دژی کرێکاری بە قازانجی بەرژەوەندی سەرمایەداران پەسەند کردووە؟ ئەسلەن ئەو کەسانەی کەئەم قانوونە دەهێننە گۆرێ کێن؟ ئەوەی ئاشکرایە نە کرێکارن نە زەحمەتکێش و نە هیچ پەیوەندیەکیان بەمانەوە هەیە. دەوڵەت و جڵەوی فەرمانڕاوایی و دەسەڵات بە دەست سەرمایەدارەکانەوەیە، لە تەواوی دەمار و شارەگەکانی دەوڵەت خوێنی سەرمایەداری لە گەردایە هەر یاساو قانوونێکیش کە تەسویب دەکرێ لە پێناو پاراستنی قازانج و مەسلەحەتی چینی باڵادەستە.
ئێستا با لە باسەکەی خۆمان زۆر دوور نەکەوینەوە. دەمانویست بزانین هۆکانی ئەم نابەرابەرییە کۆمەڵایەتییانە چین؟ دیتمان کە قەزا و قەدەر و دەستی خودا لە گۆڕێدا نییە و هیچ پەیوەندییەکی بە لێهاتوویی و ئیستعداد و ماندوو بوونی سەرمایەدارەوە نییە. کەوابوو هۆکانی کامەن؟ داخوا دەکرێ ئەم جیاوازییانە لە نێو بەرین؟
ئایا دەکرێ کۆمەڵێک سازبکەین کە هەرکەس تێیدا کار بکا ئاسایش و راحەتیش هەبێ؟ زۆرداری نەمێنێ. فەساد و فەحشا بنەبڕ بکرێ؟ ئەگەر ئیمکانی هەیە چۆن ئەم ئاڵوگۆڕە پێک دێ؟ چۆن کۆمەڵگەیەکی دیکە دروست دەکرێ؟ ئەم پرسیارانە زۆر گرینگن. ئێمە هەوڵ دەدەین لەم باسەدا وەڵامی ئەم پرسیارانە بدەینەوە. ئێمە بە پێچەوانەی بۆچوون و رای هەندێک ئینسانی ناتێگەیشتوو بە راشکاوی و دڵنیاییەوە دەڵێین بەڵێ ئیمکانی هێنانی ئەم ئاڵو گۆڕی قوڵی کۆمەڵایەتی هەیە.
پیکهێنانی ئەم ئاڵ وگۆڕە کاریکی سەخت و دژوارە، بەڵام دەکری و دوور لە تواناو دەسەڵات نییە. مەرجی سەرکەوتوویی یان نا سەرکەوتوویی هەر شۆرشێکی قووڵی کۆمەڵایەتی گرێ دراوە بە رادەی بەشداری راستەوخۆی چینی کرێکار و یەکپارچەیی و شلگیری ئەم هێزە. بۆ ئەم کارەش دەبی چینی کریکار هەرچی زیاتر و زۆرتر رادەی تێگەیشتوویی و ناسینی خۆی لە کۆمەڵ و قانوونمەندییەکانی کۆمەڵناسی زانستی بباتە سەر. دەبێ میکانیزمی پەیوەندیەکانی کۆمەڵی دەوروبەری خۆمان کە سەرمایەدارییە بناسین. هەتا بە باشی ئەو کۆمەڵەی کە رقمان لێیەتی و دەمانەوێ بیرۆخێنین نەیناسین، ناتوانین کۆمەڵگەی دڵخوازی خۆمان دابڕێژین. بەم بۆنەوە سەرنجی خوێنەران بۆ بە وردی سەیر کردنی ئەم نوسراوەیە هەر بۆ ئەو مەبەستە نوسراوە و سەرنجتان بۆ رادەکێشم وپێمان وایە ئەم نوسراوەیە دەتوانێ سەرەتایەک بیت بۆ ناسینی وردتر و قووڵتری کۆمەڵگەی سەرمایەداری کوردستان.
شێوەی بەرهەم هینانی سەرمایەداری…
لەم پێشەکیەدا بە کورتی باسمان لەوە کرد کە لە کۆمەڵی سەرمایەداریدا دوو چینی سەرەکی واتە کریکاران (پرۆلیتاریا) وسەرمایەداران (بۆرژوازی) دەبیندرێن.هەروەها باسمان کرد کە لەم کۆمەڵەدا سەروەتەکانی ماددی ومەعنەوی کۆمەڵ بە شێوەیەکی نا بەرابەر لە نێوان سەرمایەدارەکان و کرێکاران دابەش کراوە، بەڵام ئەمەش بە تەنیا رواڵەتی مەسەلەکەیە کە دەیبینین. بۆ ناسینی قووڵتر و پرناوەرۆکتر دەبێ توێکڵەکان وەلابنێین وکاکڵی مەبەستەکان بەو جۆرەی کە هەیە دەریان بخەین یانی دەبێ بزانین ئەم دوو چینە هەرکام چ تایبەتمەندییەکیان هەیە وچ دەورێک لە کۆمەڵدا دەگیڕن و چ پەیوەندییەکیان لە نیواندا هەیە. دەبی بزانین پەیوەندی بەرهەمداری و شێوەی بەرهەمهینان لە کۆمەڵی سەرمایەداریدا چۆنە. ڕەنگە لە سەرەتادا کەمێک دژوارو ئاڵۆزکاو بێتە بەرچاو، بەڵام بە هەندیک وردبینی وحەوسەڵە ئەم گرێیەش نامێنێ.
بۆرژوازی وپرۆلیتاریا
ئەلف- بۆرژوازی: بۆرژوازی بە چینێک دەوترێ کە خاوەنی دەسەڵات و ئامرازەکانی بەرهەم هێنانە. مەبەست لە ئامرازەکان هەمووئەو ئەبزار و وەسایلانەیە کە کرێکار بۆ بەرهەم هێنانی شتوومەک بە کاریان دێنێ، هەر لە چەرخ وچەکوشەوە بگرە هەتا مەکینەی گەورە و کارگە و کارخانەش. لە کۆمەڵی سەرمایەداری زۆربەی ئامرازەکانی بەرهەم هێنان لە ژێر رکێف و خاوەنداریەتی تایبەتی سەرمایەداراندایە. دیارە سەرمایەدارەکان ئەم ئامرازانەیان تەنیا بۆ بەراوردکردنی پێداویستیەکانی خۆیان ناوێ. بەڵکوو ئەوان مەبەستیکی گەورەتریان لەبەرچاوە. بۆ نموونە کەل وپەلی بەرهەم هاتووی فلانە کارخانە بۆ مەسرەفی تایبەتی ئەم یان ئەو سەرمایەدار نییە، بەڵکوو بۆ ئەوەیە بینرێتە بازاڕ و بیان فرۆشێ. لە رونگەی زانستی ئابووریدا بەم کەل وپەلانەی کە بە مەبەستی فرۆش لە نێو بازاڕ بەرهەم دێن دەوترێ “کاڵا”. بەم جۆرە دەتوانین بڵێین مەبەستی بەرهەمداری لە کۆمەڵی سەرمایەداری بەرهەم هێنانی “کاڵا” بۆ فرۆستنی لە بازاڕە. لە لاپەڕەکانی دیکەدا وردتر و زیاتر لەسەری دەرۆین.